نوێکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی دوو کەس لە دەستبەسەرکراوەکانی بەفرانباری کوردستان

هەنگاو: بڕیاری دەستبەسەربوونی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە مانگی بەفرانباردا دەستبە

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٢٠:٠٦

 

هەنگاو: بڕیاری دەستبەسەربوونی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کرابوون، بۆ چوارەمین جار نوێ کرایەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەربوونی "فەرزاد سامانی" و "ساکار عەینی" دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، بۆ جاری چوارەم نوێ کرایەوە و ئەو دوو هاووڵاتییە ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە ڕاگیراون.

فاروق سامانی برای فەرزاد سامانی لەم پێوەندییەدا بە هەنگاوی راگەیاند:"  رۆژی شەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢١( ١٠ ئاوریلی ٢٠٢١) بنەماڵەکەم سەردانی لقی ٣ی بەشی لێکۆڵینەوەی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی مەهابادیان کردووە کە لە لایەن لێکۆڵەر مێهدی سەیدینیا پێیان راگەیەندراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی بۆ جاری چوارەم نوێ کراوەتەوە.”

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو چالاکی کوردە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و هاوکاری لە گەڵ لێکۆڵەران لە لایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ژێر گوشاردان و نوێکردنەوەی بەردەوامی بڕیاری دەستبەسەربوونیان لەم راستایەدایە.

فەرزاد سامانی خوێندکاری تێرمی کۆتایی ماستەری کۆمەڵناسیی زانکۆی خوارەزمیی کەرەج و ساکار عەینی دەرچووی بەشی بیناسازی زانکۆی ئورومیه رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠( ٩ی ژانوویەی ٢٠٢١) هاوکات لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کەرەج و تاران دەستبەسەر و بۆ ئورمیە بەڕێ دەکرێن.

لە رەوتی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییانی کورد لە بەفرانباری ساڵی رابردوو، زیاتر لە ١١٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە