پێنجەمین ئەندامی کەمپەینێکی خێرخوازی لە سنە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: ناسنامەی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکانی دوێنێی شاری سنە ئاشکرا بوو و بەم شێوەیە ژمار

٥ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٥:٤٨

 

هەنگاو: ناسنامەی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکانی دوێنێی شاری سنە ئاشکرا بوو و بەم شێوەیە ژمارەی ئەو دەستبەسەرکراوانە گەیشتە ٥ کەس.

بە گوێرەی راپۆرتێک کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، رۆژی شەمە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢١ ( ٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی ئەو شارەیان بە ناوی " فەردین رەحیمی" لە نێو دووکانەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان بەڕێ کردووە.

فەردین رەحیمی ئەندامی کەمپەینی خێرخوازانەی " ژیانەوەی کوردستان" بووە و بە هۆی چالاکیی خێرخوازانە لەو کەمپەینەدا دەستبەسەر کراوە.

رۆژی رابردووش چوار ئەندامی دیکەی ئەو کەمپەینە بە ناوەکانی " عەتائەڵا رەزاربابی"، " مێهدی سەیفی"، " مەرزیە غوڵاموەیسی" و کوڕی ناوبراو بە ناوی " سیروان عەبدوڵایی" لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر بوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە کە موبایلی هەموو ئەو کەسانە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ماڵەکانیشیان پشکێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە