باوک و دایکی ڕامین حوسێن پەناهی مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان لێ زەوت کرا

هەنگاو: لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی، دایک و باوکی بەتەمەنی ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی

٦ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٢٠:٥٤

 

هەنگاو: لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی، دایک و باوکی بەتەمەنی ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کە لە سێدارە درا، مافی هاتنە دەرەوە لە وڵاتیان لێ زەوت کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٢٥ی ئوریلی ٢٠٢١) میرزا حوسێن پەناهی (خاڵۆ میرزا) و شەریفە زەڕینی (دایە شەریفە) باوک و دایکی بەساڵاچووی ڕامین حوسێن پەناهی، بۆ وەرگەرتنی پاسپۆرتەکانیان سەردانی فەرمانگەی پاسپۆرتی شاری سنەیان کردوە و پێیان ڕاگەیەندراوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ناتوانن بۆ سەفەر لە وڵاتی ئێران بچنە دەرەوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، لە فەرمانگەی پاسپۆرت بە دایک و باوکمیان ڕاگەیاندووە کە سەڕەڕایی ئەوەیکە ناکرێ پاسپۆرتەکانتان بدەینەوە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتتان نیە.”

ئەمجەد حوسێن پەناهی لە درێژەدا ڕایگەیاند، ئەم کارە بە بڕیاری دادگا نەکراوە و بە بڕیاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات ئەم مافە لە باوک و دایکم زەوت کراوە.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی دووی پووشپەڕی ٢٧١٧ (٢٣ی ژوئیەی ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و لە ڕێکەوتی٥ی ڕیبەندانی ٢٧١٧ ( ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٨) لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕیوە چوبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیو ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە دواجار ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ (٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسی دیکەی کورد بە ناوەکانی لوقمان مورادی و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێداره دران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە