دەستبەسەرکرانی چوارهاووڵاتیی ناڕازی بە مانۆڕی سەلەفییەکان له مەریوان

هەنگاو: رۆژێک پاش ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی مەریوان بە مانۆڕی سەلەفییەکان لەم شارەدا و برینداربوونی دوو هاووڵاتی بە چە

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٠١:٤٠

 

هەنگاو: رۆژێک پاش ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی مەریوان بە مانۆڕی سەلەفییەکان لەم شارەدا و برینداربوونی دوو هاووڵاتی بە چەقۆ و قەمە لە لایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی چوار هاووڵاتییان لەم شارەدا دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر دە و نیوی شەوی دووشەمە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٣ی مەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیداەری ئیتلاعاتی مەریوان چوار کەسیان بە ناوەکانی " کەژوان فەیزی"، " فواد فەیزی"، " ئاکۆ چاوکی" و " شێرکۆ سوهرابی" لە گۆڕەپانی بایەوە دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە ئەو چوار هاووڵاتییە خەڵکی گەڕەکی داسێرانی مەریوانن و بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە مانۆڕی سەلەفییەکان لەو گەڕەکەدا و بریندارکردنی دوو  هاووڵاتی لەلایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون بەڕێ کراون.

ئێوارەی شەمە ١١ی بانەمەڕ(١ی مەی) گرووپێک لە سەلەفییەکانی مەریوان بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی داسێران و دوو کەسیان بریندار کرد کە دۆخی تەندرووستیی یەکیان ناجێگیر لە قەڵەم دراوە.

خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی مانۆڕی سەلەفییەکانی لەو شارە، شەوی رابردوو لە گەڕەکی داسێران کۆ بوونەوە و خوازیاری بەرەوڕووبوونەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی ئەو گرووپە بوون کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە شوێنەکە ئامادە بوون و بڵاوەیان بە خەڵکی ناڕازی کردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە