دوو بەندکراوی سیاسی کورد بەر لێبوردن کەوتن و ئازاد بوون

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوون، دوای لێبورد

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١١:٥٥

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوون، دوای لێبوردنی دەزگای دادوەری بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٨ی مەی ٢٠٢١)، ئاران تیباش، بەندکراوی سیاسی کورد دوای تێپەڕاندنی نیوەی ٤ ساڵ سزای بەندکرانەکەی بەر لێبوردن کەوت و ئازاد کرا.

ئاران تیباش کوری خالد و خەڵکی گوندی دەزەی مرگەوەر، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧١٨ ( ١٦ی دسامبری ٢٠١٨) دوای بانگ کران بۆ ناوەندی هەواڵی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ بە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٧، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفی، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیەوە بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧١٩ ( ٨ی ژوئیەی ٢٠١٩)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٤ ساڵ حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، فەرهاد نووری بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە بەر لێبوردن کەوتووە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراوە.

فەرهاد نووری لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە دەستبەسەر و دوای یەک مانگ گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و مانگی ڕەزبەر (ئۆکتۆبر)ی هەمان ساڵ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

خەرمانانی ساڵی ڕابردوو فەرهاد نووری لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەرێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پژاک) حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو کە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە