دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە ئیلام دەستبەسەر کران

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە پارێزگای ئیلام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

١ جۆزەردان ٢٧٢١، ٢٠:٣٣

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە پارێزگای ئیلام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٨ی مەی ٢٠٢١)، کاوە (نەجەف) مێهدی پوور، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام بە فەرمانی دادوەر “سوهرابی زاده مەلەکشاهی” سەرۆکی دادگای شۆڕشی دەڕەشار دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕخنەیی لە سەر چالاکییەکانی “ئیبراهیم ڕەئیسی” سەرۆکی دەزگای دادی ئێران و بەرپژێری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە نەجەف مێهدی پوور ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) دەستبەسەر و بە تۆمەتی بێڕێزی بە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و دوای تەواو بوونی سزای بەندکرانەکەی ئازاد کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە و ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ (١٧ی مەی)، ئەمین محەمەدی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی بەخشی هەلیلانی ئیلام بە فەرمانی دادوەری  دادگای ئیلام دەستبەسەر کراوە.

ئەمین محەمەدی یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە چالاکەکانی ئیلامە و دوای ئەوەی لەلایەن فەرمانگەیەکی حکوومەتی لە شاری ئەیوان سکاڵای لە سەر تۆمار کراوە، دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم ڕۆژنامە نووسە دوای دەستبەسەر کران بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادی ئیلام بۆ ئەیوان گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە