دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووفا دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراون، ئازاد کراون.

٥ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٣:٤٧

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووفا دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراون، ئازاد کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١)، هە ریەک لە فەتاح فرووهەر و عومەر خاکزاد دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار نێردرانە مرەخەسی و بڕیارە دی نەگەڕێنەوە بەندیخانە و ئازاد کراون.

عومەر خاکزاد ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٣١ی مەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ساڵێک بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسیردراو کەم کرایوە.

عومەر خاکزاد دواجار ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

فەتاح فرووهەر یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانەیە کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٣٠ ژوئیەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پیرانشار دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بەندکران ئازاد کرابوو.

ناوبراو زستانی ڕابردوو  لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ساڵێک بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسیردراو کەم کرایوە.

فەتاح فرووهەر مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو (فێوریەی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە