بڕیاری دەستبەسەر کرانی گولاڵە مورادی درێژکرایەوە و سەفیە مامووشی پوور ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لەو دوو ژنەی خەڵکی پیرانشار کە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە وگوازرابوونەوە ئازاد

١ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٦:٥٩

 

هەنگاو: یەکێک لەو دوو ژنەی خەڵکی پیرانشار کە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە وگوازرابوونەوە ئازاد کرا و یەکێکی دیکەشیان بڕیاری دەستبەسەر کرانەکەی درێژ کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، سەفیە مامووشی پوور هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا تەواو بوونی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، ئازاد کرا.

هەروەها، بڕیاری دەستبەسەر کرانی گوڵاڵە مورادی کە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا دەستبەسەر کرابوون، بۆ مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.

سەفیە مامووشی پوور تەمەن ٤٨ ساڵ و گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٧ ساڵ، هاوژین و دایکی زاوای عوسمان حاجی حوسێنی، کادری سپای پاسدارانن کە شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) لە جاددەی گونی زیویەی پیرانشار کوژرا و گرووپی “هەڵۆکانی زاگرۆس” بەرپرسیارێتی بە ئەستۆ گرت و ئەم دوو کەسەش هەر لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١) و سەفیە مامووشی پوور ڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ (٢١ی ئاوریل)  لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە.

ئەو دوو ژنە دەستبەسەر کراوە چەند ڕۆژ پیش دوای ٤٥ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابوونەوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵاڵە مورادیش بە ناوەکانی تاهیر بەزازی (زاوای عوسمان حاجی حوسێنی) و مەتین بەزازی تەمەن ١٤ ساڵ هەر لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون کە پاش ماوەیەک ئازاد کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە