راپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە تێکدانی ئێکۆسیستمی ناوچە بە هۆی پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی رووباری زێی چووکە بۆ گۆلی ئورمیە + وێنە

پرسی ژینگە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە لە گەڵ ژینگە و ژیانی بە کۆمەڵی مرۆڤەکانەوە. بەم شێوەیە لە دوو دەیەی رابردوودا بابەتگ

٦ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٥:٥١

 

پرسی ژینگە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە لە گەڵ ژینگە و ژیانی بە کۆمەڵی مرۆڤەکانەوە. بەم شێوەیە لە دوو دەیەی رابردوودا بابەتگەلی وەک مافی هەبوونی ژینگەی تەندرووست، مافی هەبوونی ئاو لە چوارچێوەی نەوەی سێی مافەکانی مرۆڤ لەسەر بنەمای مافەکانی یەکگرتوویی کەوتۆتە بەر سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی.

پەرەی بەردەوامی رێکەوتننامەکان، جۆری هەڵسوکەوتەکان و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان بەڵگەی روونی سەلمێنەری ئەم بابەتەیە. بە سەرنجدان بە گرنگیدانی کۆمەڵگای جیهانی بە پاراستن و پشتیوانی لە ئێکۆسیستم، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام یەکێک بە ناوزڕاوترین دەوڵەتەکانە لە ئاستی جیهان و ناوچەکە لە بواری ژینگەوە.

پرۆسەی گواستنەوەی ئاوی زاب وەکوو یەکێک لە بوارەکانی گرنگی ئاو و هەروەها گواستنەوەی ئاو بۆ بەنداوی سێوکانی لە ئاوە ژێرزەمینییەکانەوە لەو پرۆژە گرنگە تێکدەرانە ژینگەییانەی کۆماری ئیسلامییە.

بە پێی توێژینەوە مەیدانییەکانی رێکخرای مافی مرۆڤی هەنگاو وەک وێنەگرتن، وتووێژ لە گەڵ کارناسان و خەڵکی ناوچەکە، ئاواژەی زۆر گرنگن بۆ تێکچوونی ژینگە لە ناوچەکە. بە پێی زانیارییەکان بۆ نموونە لە خوارەوەی گوندی " خۆرینچ"ی پیرانشار، زەوی بە قووڵایی لانیکەم ١٠ میتر و درێژایی ٣٠ میتر ڕۆچووە. ئەو ڕۆچوونە بە هۆی دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی لە لایەن کومپانیای فاتێری سەر بە کۆمپانیای خاتەمولئەنبیای سپای پاسدارانە.

هەروەها پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی رووباری زێی چووکە لە سەرەتای ساڵی ٢٧٠٤ دەستی پێکردووە و لە کاتی دەوڵەتی رووحانیدا بە خێرایی زیاترەوە جێبەجێ بووە. بەڵگەکان دەریانخستووە کە تێکچوونی ژینگەی پیرانشار و دەوروبەری رووباری زاب روو لە زیادبوونە. پرۆسەی گواستنەوەی ئاو لە رووبارەوە بەردەوام لە گەڵ رەخنەی زۆری کارناسان و مامۆستایانی زانکۆ بەرەوڕوو بۆتەوە.

لەم پێوەندییەدا هەنگاو سەبارەت بە ئاسەواری ژینگەیی ئەو پرۆژەیە وتووێژێکی لە گەڵ دوکتور مەنسوور سوهرابی، توێژەری بواری ژینگە کە ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوەی مەیدانی لە ناوچەکەیە ئەنجام داوە. دوکتور سوهرابی لەم وتووێژەدا وتی" بەڕێوەبەریی هەڵە و نازانستیی سەرچاوەکانی ئاو، بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی گۆلی ئورومیە تا رادەی وشکبوون. پاش ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی  خەڵک کە سەرکوت کرا، دەوڵەتی رووحانی بەڵێنیی زیندووکردنەوەی گۆلی ئورومیەی دا و بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی پێک هێنا. لە گرینگترین بەرنامەکانی ئەو لێژنەیە کێشانی ئاوی زێی چووکە بۆ گۆلی ئورومیە بوو کە ئەم پرۆژە گەورەیە چەندین بەنداو و تونێلێکی بە درێژایی ٣٦ کیلۆمێتری لە خۆ دەگرت. بەرپرسانی پێوەندیدار بەڵێنییان دا کە ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ میلیۆن میتر چوارگۆشە ئاو لە زابەوە بگوازنەوە بۆ گۆلی ئورومیە. ئەو لە حاڵێکدایە کە بۆ گەیشتن بە هاوترازبوونی ئوکولۆژیکی دەریاچەکە زیاتر لە پازدە میلیارد میتری چوار گۆشە ئاو پێویستە. لە حاڵێکدا لە چەند ساڵی رابردوودا و تەنانەت لەو سالانەش کە بارین زۆر بووە، رادەی ئاوی دەریاچەکە نەگەیشتۆتە ٧ میلیارد میتری چوارگۆشە.

نابێ لە بیر بکرێ کە رادەی بە هەڵمبوونی گۆلی ئورومیە ساڵانە لە نێوان ٢ میلیاردو نیو میتری چوارگۆشە تا سێ میلیاردە، کەواتە ناکرێ گواستنەوەی ئاو لە زابەوە هۆکارێکی گرینگ بێ بۆ بووژانەوەی دەریاچەکە کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا بە خراپترین شێواز بواری ئاوەڕۆکەی بەڕێوە چووە.

پێشکەوتنی ناهاوسەنگی ورزێری زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دۆنم و کەندنی زیاتر لە ٨٠ هەزار چاڵی قووڵ و سازکردنی بەنداوی ناپێویست و هەروەها ئاڵۆگۆڕی کەشوهەوا هەموو تێکڕا بوونەتە هۆی ئەوەیکە دەریاچەکە بەرەو وشکی بڕوات. پێویستە بوترێت کە ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ میلیۆن میتری چوارگۆشە مافی ئاوی دەریاچە لە رووبارەکانی سیمینە و زەڕینە دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات.

بە جێبەجێکردنی پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی زێی چووکە لە رووبارەکانی لاوێن و بادیناێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا رووباری گرینگی زێی چووکە وشک دەبێ. ئەو پرۆژەیە لە لایەن کۆمپانیاکانی سەر بە خاتومولئەنبیای سەر بە سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەچێ کە بەداخەوە خەسارەکانی هەر لە ئێستاوە دیارە. بە لێدانی تونێلێک لە قووڵایی ٨٠ مەتری زەوی پێوەندیی هیدرۆلۆژیکی ئاوەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی پچڕاوە کە ئەوە دەتوانێ ببێتە هۆی وشکبوونی ژمارەیەکی زۆر کانی و رووبار.

دیاریکردنی شوێنی هەڵە بۆ رێگای تونێل ئێستا لە دەوروبەری گوندی خورینجی پیرانشار، بۆ درێژەدان بە چاڵکەندن و کۆتاییهێنان بە تونێل، ئاوەکانی ژێرزەوییان بەتاڵ کردووە و لە ١٢ خاڵدا چالی قووڵیان لێداوە کە بە وتەی خەڵکی ناوچەکە سپای پاسداران بە تەمایە ئەو ژمارەیە بگەیەنێتە ٢٢. پاش بەتاڵکردنی ئاوەکانی ژێرزەوی، چاڵگەلێک بە پانتایی ٣٠ میتر و قووڵایی ١٠ میتر لە دەوروبەردا بینراوە کە بۆتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی ناوچەکە و پسپۆڕان و چالاکانی ژینگە.

"سپای پاسداران دەزانێ کە گواستنەوەی ئاوی زێی چووکە کاریگەریی ئەوتۆی بۆ بووژانەوەی گۆلی ئورومیە نیە بەڵام بە بیانووی بووژانەوەی دەریاچەکە هەوڵی خەسار گەیاندن بە ژینگەی کوردستان ئەدات و بەر بەو ئاوە دەگرێ کە دەچێتە ناو هەرێمی کوردستان کە مەبەستی سیاسی و ئەمنییەتی لە پشتە".

مافی هەبوونی ژینگەی تەندرووست وەکوو نەوەی سێهەمی مافەکانی مرۆڤ لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی و ژیانی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانە. ماف لە سەر سەرچاوە سرووشتییەکان و بەشداری هاووڵاتییان لە مافی خاوەندارێتی، نموونەی ئەو جۆرە مافانەن. کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو مافە گشتییانە بۆتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ هاووڵاتییان لەو ناوچەیەدا کە ئەمەش دەتوانێ پێشێلکرانی مافەکانی دیکەی مرۆڤ لەوانە مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتییەکان و مافی لانیکەمی خۆشبژێوی تەنانەت بۆ نەوەکانی داهاتووش بێ.

لەم راستایەدا رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی کردەوە دژە ژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامی، داوا لە سەرجەم رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ناوەندە مەدەنی و ژینگەپارێزەکان ئەکات کە شێلگیرانە بەدواداجوون بکەن بۆ ئەم بابەتە و زانیاری بگەیەنن بە خەڵکی ناوچەکە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە