چارەنووسی ئاواشین زاگرۆس ناڕوونە و هێشتا لە دەستبەسەرگە ڕاگیراوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی رۆژاوای کوردستان کە پاییزی ڕابردوو پاش تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی پژاک و هێزەکانی سوپا

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢١:١٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی رۆژاوای کوردستان کە پاییزی ڕابردوو پاش تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی پژاک و هێزەکانی سوپای پاسداران لە مەریوان بە دیل گیرابوو، چارەنووسی هەروا ناڕوونە و لەیەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری سنە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی  مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش تێپەڕینی ٩ مانگ لە بەدیلگیرانی ژنێکی هاووڵاتیی کوردی رۆژاوای کوردستان(کوردستانی سووریا) بە ناوی "ئاواشین زاگرۆس" (وەفا) لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، چارەنووسی ناوبراو هێشتا ناڕوونە و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە هەنگاو دەستی خستووە ناوبراو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئاواشین زاگرۆس پاش بەدیلگیران لە ژیڕ چاودێریی توندی ئەمنییەتیدا گوازرابۆوە بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی مەریوان و پاش دەرمانی سەرپێی و بە هۆی خوێنڕێژی زۆرەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە نەشتەرگەری بۆ کراوە. نابراو پاش نەشتەرگەری، بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی و تەواوکردنی ماوەی چارەسەری، گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی ئیتلاعاتی سوپای سنە.

ئاواشین زاگرۆس دوای تێکهەڵچوونی چەکدارانەی رۆژی یەکشەممە، ٢٠ی رەزبەری ٢٧٢٠( ١١ی ئوکتوبری ٢٠٢٠) لە نێوان گەریلاکانی پژاک و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدای سوپای پاسداران، لە لایەن ئەم هێزەوە بە دیل گیرا.

بەپێی مافە نێودەوڵەتییە مڕۆڤدۆستانەکانی چاوەدێر بە تێکهەڵچوونە چەکدارییە ناوخۆییەکان، ئاواشین دیلی شەڕ بە هەژمار دێ و دەبێ لەو مافانەی کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە فەرمی ناسراون وەکوو مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و وەرگێڕ، ڕاوێژکار و هاوکاری کۆمیتەی خاچی سوور و مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت کە بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو هیچ یەک لەو مافانەی نەبووە و لەژیر گوشاری دەرونیی هێزە ئەمنییەکاندایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە