ئەشکەنجەی ژنێکی لاو بە دەستی دوو براکەی لە پیرانشار

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی داوای بەشە میراتەکەی کرد لەلایەن براکانیەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و ئەشکەنجە دراوە.

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٨:٣٨

 

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی داوای بەشە میراتەکەی کرد لەلایەن براکانیەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و ئەشکەنجە دراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٠ی جولای ٢٠٢١)، ژنێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “حەلیمە خوش ڕەفتار” تەمەن ٣٠ ساڵ لەلایەن دوو برای خۆیەوە بە ناوەکانی ساڵح و ڕەحمان ئازار و ئەشکەنجە دراوە و بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە، حەلیمە خوش ڕەفتار دوای ئەوەی کە کارناسی دادگوستەری هێناوە هەتا بەشە میراتی خۆی دیاری بکات لەلایەن براکانیەوە کە هەموو مافێکیشان زەوت کردووە، کەوتووەتە بەر لێدان و کوتان.

ئەو سەچاوەتە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە “حەلیمە کاتێک تەنیا ١١ ساڵی بووە ژن بە ژنی پێکراوە”.

حەلیمە کە دایکی دوو منداڵیشە بە هۆی تووشبوونی هاوژینەکەی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە جیا بووەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی کە براکانی ئیزنیان نەداوە لەوێ بمێنێتەوە و ئەویش ناچار بووە کە پارێزەرێک بگرێت و بەشە میراتەکەی خۆی وەربگرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە حەلیمە خۆش ڕەفتار پێشتریش چەندین جار لەلایەن براکانیەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان ودەست و لاقی شکاوە.

جێگای ئاماژەیە کە بە هۆی ئەوەی کە هیچ یاسایەکی پشتگیری ژنان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە نیە ژنان بەردەوام لەلایەن هاوژین یان پیاوەکانی بنەماڵەکەیانەوە دەکەونە بەر ئازار و ئەشکەنجە. ئێران لەو دەگەمن وڵاتانەیە کە کۆنڤانسیۆنی ڕێگری کردن و سڕینەوەی هەڵاواردن دژ بە ژنانی واژۆ نەکردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە