بانگکردن و ئەشکەنجەی دوو خوشکی ڕۆژنامەنووسێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی نورویژ

هەنگاو: لە رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوو خوشکیان بانگ و ئەشکەنجە کردووە و داوایان لێ کردوون براکەیان کە ل

٥ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٠٩:١٢

 

هەنگاو: لە رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوو خوشکیان بانگ و ئەشکەنجە کردووە و داوایان لێ کردوون براکەیان کە لە وڵاتی نوروژە واز لە چالاکییەکانی بهێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوو خوشکیان بەناوەکانی "هاجەر ئەرسزادە" تەمەن ٤١ ساڵ و " کولسووم ئەرسزادە" تەمەن ٣٨ ساڵیان بانگ کرد و ماوەی هەشت کاتژمێر لێکۆڵینەوەیان لێ کردن و ئازار و ئەشکەنجەیان داون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەرسزادە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام ئەو دوو خوشکەیان بانگ کردووە و داوایان لێ کردوون کە گوشار بێنن بۆ براکەیان کە لە وڵاتی نوروژ ڕۆژنامەنووسە واز لە چالاکییەکانی بهێنێت.

سەرچاوەکە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ لە درێژەدا وتی: “ دوایین جارێ کە ئەو دوو خوشکە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراون داوایان لێ کراوە تا نووسراوەیەک واژۆ بکەن، ئەوانیش لەو کارە خۆیان بواردووە و بەو هۆیەوە کەوتوونەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ئیتلاعات بە شێوەیەک کە باسک و دەستی هاجەر تووشی برینی قورس بووە کە لەو وێنانەی بۆ هەنگاو هاتووە ئاسەواری شین بوونەوەی بە دەستیەوە دەبینرێت.”

سنار ئەرسزادە تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شنۆ، ساڵی ٢٧١١ (٢٠١١) وەک پەنابەر چۆتەوە وڵاتی نوروژ و لە رۆژنامەکانی Friheten, Radikal portal و Utrop چالاکی هەیە و رووداوەکانی کوردستان لەم رۆژنامانە رووماڵ ئەکات. ناوبراو هەروەها ساڵی ٢٠١٥ یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی "هەتاوی تاریک لە سەر ئاسمانی کۆڵانە تەنگەکان" بڵاو کردۆتەوە و کتێبی دووهەمیشی ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە