هەولێر/ سێ کەس لە بکوژانی فەرماندەیەکی باڵای حیزبی دێموکڕات سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕایەوە

هەنگاو: سێ ساڵ پاش تیرۆری یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)، لە هەرێمی کوردستان، دادگایەکی هەولێری پ

١١ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٤:١٩

 

هەنگاو:  سێ ساڵ پاش تیرۆری یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)، لە هەرێمی کوردستان، دادگایەکی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ کەس لە تۆمەتبارانی دۆسیەکە بڕییەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢ی ئاگوستی ٢٠٢١)، ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی تیرۆری قادر قادری لە کۆنفڕانسێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: سێ تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە کە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە و دوو کەسی دیکەش کە هاوکاری تاوانەکە بوون هەر کامیان بە پێنج ساڵ بەندکران سزا دراون.

هەنگاو زانیویەتی کە عوسمان فەتاح قادر ناسراو بە "مەلا  عوسمان هیزۆپی"، لە ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و خەڵکی پیرانشار، سەلام مەحموود قادر، ئەفسەری هێزی پاسەوانی سنووری عێراق و سلێمان ئیبراهیم سلێمان،  ئەندامی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، سێ تۆمەتباری سەرەکیی ئەم دۆسیەیە بوون کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها بارزان بورهان ئیسماعیل و عایشە محەمەد حەسەن، هەر کامیان سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەیاد کاکەیی لە کۆنفڕانسە میدیاییەکەدا وتیشی بنەماڵەی کوژراوەکە داوایان کردووە بە هۆی ئەوەی حکوومەتێکی بیانی لەم دۆسیەیەدا دەستی هەبووە، دادگای تاوانی هەوڵێر تۆمەتباران بە تۆمەتی تیرۆر  سزا بدات بەڵام ڕەوتی دادگا بە شێوەیەک بووە کە تۆمەتباران تەنیا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست سزا دراون.

سۆهراب رەحمەتی یەکێکی دیکە لە پارێزەرانی ئەم دۆسیەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیران، پلانداڕێژی سەرەکیی تیرۆری قادر قادری بووە و تۆمەتباران بە ڕاشکاوی دانیان بەم بابەتەدا ناوە کە ئێران لە بەرانبەر تیرۆری قادر قادریدا پێشنیاری پارەیەکی زۆری پێ داون.

ئەیاد کاکەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، تانەلێدانی ئێمە بۆ دادگای پێداچوونەوە بە مەبەستی گۆڕینی تۆمەتەکان لە کوشتنی ئانقەستەوە بۆ تیرۆرە و داوا لە دادگا دەکەین بە فەرمی بەرپرسیارێتیی حکوومەتێکی بیانی لەم تیرۆرەدا ئاشکژرا بکات و ئەم کردەوەیە ئیدانە بکات.

قادر قادری لە فەرماندەکانی هێزی پیشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و لە کادرە باڵاکانی ئەم حیزبە، شەوی چوارشەممە ٦ی مارسی ٢٠١٨ (١٥ی ڕەشەممەی ٢٧١٨) لە ناوچەی باڵیسانی سەر بە پارێزگای هەولێر تیرۆر کرا.

 حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ڕۆژێک پاش ئەم تیرۆرە، بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم تیرۆرە ناساند.

سەرەڕای تیرۆری نزیک بە ٤٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسیی کورد ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، ئەمە یەکەم جارە کە ئەم بابەتە  لە لایەن دادگاوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

هەنگاو جیا لە بەدواداچوون بۆ دوایین گۆرانکارییەکانی دۆسیەی تیرۆری قادر قادری، لێکدانەوەی یاساییی خۆی سەبارەت بە پڕۆسەی دادگا و ستانداردەکانی تاوتوێ کردنی کەیسی تیرۆر لەم دادگایە، بڵاو دەکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە