دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتی لە بۆکان و پیرانشار

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاوڵاتی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و بۆکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەس

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٨:٤٩

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاوڵاتی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و بۆکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی لە شاری بۆکان بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری هاووڵاتییەکیان بە ناوی ڕەشید ڕەحیمی دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەشید ڕەحیمی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ئەو هێزانە دوای دەستبەسەر کردنی ڕەشید ڕەحیمی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایلی ناوبراودا گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست)، هێزە ئەمنییەکان لە پیرانشار هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “بەرکەمەران”ی ئەو شارەیان بە ناوی بەهائەدین مستەفانیژاد دەستبەسەر کردووە.

ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ بەهائەدین و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی پاش سێ ڕۆژ نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە