بانگ کرانی باوکی ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و هەڕەشە کردن لەو ڕۆژنامەنووسە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی بە ساڵاچووی خەڵکی گیەڵان غەرب لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشانەوە بانگ کراوە و وێڕای لێپرسینەوە لێی هەڕەشە لە کوڕە ڕۆ

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢١، ١٢:١٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی بە ساڵاچووی خەڵکی گیەڵان غەرب لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشانەوە بانگ کراوە و وێڕای لێپرسینەوە لێی هەڕەشە لە کوڕە ڕۆژنامەنووسەکەی کراوە کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کەیوومەرس نەجەفی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی گیەڵان غەرب سەر بە پارێزگای کرماشان، هەم لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان و هەم لەلایەن ئیتلاحاتی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشان بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی نەجەفی کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، ئەو دوو ناوەندە ئەمنییە هێندێک وێنەی کوڕی کەیومەرسیان لە شوێنی ژیان و کارەکەی لە هەرێمی کوردستان پیشانی داوە و پێیان وتووە کە بە زوویی تەرمەکەی دەگەڕێنیینەوە بۆتان.

نەعیم نەجەفی کوڕی کوڕی کەیوومەرس کە لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کاڕی میدیاییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “ پێشتریش چەندین جار ڕاستەوخۆ هەڕەشەم لێکراوە و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکی جێگای متمانەوە پێم گەیشتووە، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران پلانی تیرۆر کردنی چەندین کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و میدایی کوردیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەشێکی زۆریان خەڵکی ناوچەی کرماشانن.

نەعیم نەجەفی خەڵکی شاری گیەڵان‌غەربی سەر بە پارێزگای کرماشانە کە لە ساڵی ٢٠١١ بە هۆی چالاکیەکانی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کرماشان دەستگیر کراوە و پاشان بە تۆمەتی دژایەتی ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ  حیزبە کوردستانییەکان سزای بە پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراوی بەسەردا سەپاو. ناوبراو هەروەها لە مافە کۆمەڵایەتییەکانی بێبەش کرا و لە زانکۆش دەرکرا.

ئەو چالاکە کوردە لە ساڵی ٢٠١٤ وەکوو پەنابەری سیاسی ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردووە و لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا لە هەرێمی کوردستان درێژەی بە چالاکییە میدیاییەکانی خۆی داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە