سەدان چالاکی کورد داوای پاراستنی گیانی چالاکانی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکەن
هەنگاو: دوابەدوای تیرۆری مووسا باباخانی، چالاکی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری هەولێر
هەنگاو: دوابەدوای تیرۆری مووسا باباخانی، چالاکی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، سەدان ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی و نووسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان با ناردنی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ دام و دەزگا پەیەوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم بە بەرپرسی پاراستنی گیانی و ئەمنییەتی هەموو چالاکانی سیاسی کورد له باشووری کوردستان به گشتی دەزانن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەرسەلان یارئەحمەدی و ژیلا موستەئجێر نیشتەجێی شاری هەولێر و دوو لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.
جێگای ئاماژەیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ماوەی ٥ ساڵە چالاکی دەکات و کە لە وڵاتی نوروێژ بە فەرمی تۆمار کراوە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ڕووماڵ دەکات.
دەقی ئەو نامەیە کە لەلایەن ٦٤٢ چالاکی مەدەنی، سیاسی، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و کەسایەتی کورد واژۆ کراوە و ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلمانی کوردستان، یو ئێن ئێچ سی ئار عێراق، بەرپرسانی ڕێکخراوی قەندیل، ڕێکخراوی سویدیۆ و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە.
دەقی نامەکە
بۆ بەرێزان بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هەروەک ئاگادارن رژیمی کۆماری ئیسڵامی ئێران دەیسان به ئاشکرا دەستی داوەته تیرۆری چالاکانی سیاسی کوردی رۆژهەڵات له باشووری کوردستان. تیرۆری ئەندامێکی رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، مووسا باباخانی، ئاخرین کردەوەی دژی مرۆڤایەتی ئەم رژیمەیه له شاری هەولێر، پێتەختی حکوومەتی هەرێم. هەروەها زۆر ئاشکرا دوو چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤ، دامەزرێنەران و ئەندامانی بەرێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژیلا مستاجر و ئەرسەلان یارئەحمەدی، هەرەشەی کوشتن و تیرۆریان له لایەن رژیمی کۆماری ئیسڵامی ئێرانەوە لێکراوە و مەترسی جیددی تیرۆریان له ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم له سەرە.
ئێمه به واژۆکردنی ئەم نووسراوەیه وێرای مەحکووم کردنی هەر چەشنه بریار و کردەوەی تیرۆریستی دژی تێکۆشەران و چاڵاکانی سیاسی کوردی رۆژهەڵات، حکوومەتی هەریمی کوردستان بە بەرپرسی پاراستنی گیانی و ئەمنییەتی هەموو چالاکانی سیاسی کورد له باشووری کوردستان به گشتی و ژیلا مستاجر و ئەرسەلان یارئەحمەدی به تایبەتی دەزانین. ئێمە داواکارین که حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی سەبارەت به پاراستنی گیانی هەموو تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی کوردی رۆژهەڵات له ناوچەکە به جیددی به ئەستۆ بکرێت و رێگا نەدات که رژیمی کۆماری ئیسڵامی ئێران ئەو ناوچەیه بۆ چالاکانی سیاسی کوردی رۆژهەڵات دیسان بکاته قوربانگاه.
به بروای ئێمه پاراستنی گیانی هەموو تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی کوردی رۆژهەڵات له باشووری کوردستان ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانه و چاوەرووانین که حکوومەتی هەرێم ئەم ئەرکە نەتەوەییەی خۆی بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی به جێ بێنێ.