گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی هەنگاو لەلایەن چوار ڕێکخراوی مافی مرۆڤی شەرمەزار کرا

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٨:٥٨

 

هەنگاو: چوار ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای شەرمەزار کردنی هەڕەشە لە دوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوایان لە دام و دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەمنییەی گیانی ئەوان دابین بکەن.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ئەرسەلان یارئەحمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ، ڕاگرن

لە یەکەم ڕۆژی سوێند خواردنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری نوێی ئیرانەوە، تیرۆر و هەڕەشە و تۆقاندنی چالاکانی سیاسی، کەلتووری و مافی مرۆڤی دیسان پەرەی سەندووە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژ، چالاکێکی سیاسی بە ناوی مووسا باباخانی لە هۆتێلێکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، تیرۆر کرا. هاوکات لەگەڵ ئەو تیرۆرە، هێزە ئەمنییەکان، گوشار و هەڕەشە بۆ سەر چالاکانی کوردی نشتەجێی هەرێمی کوردستانیان زیاد کردوو.

لەم چوارچێوەیەشدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: باوک و برای "ئەرسەلان یارئەحمەدی"، لە ئەندامانی دەستەی بەڕیوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپێچینەوەیان لێ کراوە و جیا لەوەی بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگرتوون، هەڕەشەی کوشتنیشیان لە ئەرسەلان یارئەحمەدی کردووە.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بەڵێننامە لە باوک و برای ئەرسەلان وەرگریراوە کە یا دەبێ ئەرسەلان ڕازی بکەن واز لە چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ بهێنێ یا ئەوەی گیانی لە دەست دەدا.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، لەگەڵ ئیدانەکردنی ئەم هەڕەشەگەلە بە تایبەت لەسەر "ئەرسەلان یارئەحمەدی" و هاوژینەکەی "ژیلا موستەئجێر"، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوکانی مافی مرۆڤ دەکەن، سەرنجێکی تایبەت بدەنە دۆخی ئەم چالاکە ناسراوانەی بواری مافی مرۆڤ و پشتیوانییان لێ بکەن.

هەروەها داوا لە ناوەندە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئاسایشی گیانی ئەرسەلان یارئەحمەدی و ژیلا موستەئجێر لە بەرانبەر هەڕەشەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان کۆماری ئیسلامیی ئیران، گەرەنتی بکەن.

 

ناوی ڕێکخراوەکان

ناوەندی مافی مرۆڤی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە