لانیکەم ۱۰۷ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون
هەنگاو: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۰۷ چالاکی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنع و ئورمیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان
هەنگاو: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۰۷ چالاکی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنه و ئورمیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی پووشپەر و گەلاوێژدا، لانیکەم ۱۰۷ کەس لە چالاکانی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و ۹۸ کەسیان هەروا لە دەستبەسەریدا ڕاگیراون.
بە گوێرەی ئەو ئامارانە لە مانگی پووشپەڕدا ۴۲ کەس و لە مانگی گەلاوێژیشدا ۶۵ چالاکی کورد دەستبەسەر کراون و زۆربەی ئەو کەسانەش بە تۆمەتی چالاکایی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون. پێنج ژن و مێرمنداڵێکی ۱۷ ساڵەش لە نێو دەستبەسەرکراواندان.
هەروەها، لانیکەم ۱۸ هاووڵاتیش لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکان لە شارەکانی کرماشان و نەغەدە دەستبەسەر کراون.
لە کۆی ئەو ۱۰۷ کەسەی دەستبەسەر کراون، ۸ کەسیان بۆ جێبەجێ کرانی سزاکەیان گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانە و دوو کەسیشیان لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان دەستبەسەر کراون.
جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتی وەپاڵخراو
چالاکانی سیاسی: ٨٠ حاڵەت کە دەکاتە ٧٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان: ١٨ حاڵەت کە دەکاتە ١٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
چالاکانی مەدەنی: ٥ حاڵەت کە دەکاتە ٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
چالاکانی مەزهەبی: ٤ حاڵەت کە دەکاتە ٤٪ی کۆی حاڵەتەکان
جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئورمیە: ٦١ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٢٥ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٢٠ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت