مردنی گوماناویی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بۆکان کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی چوار ڕۆژ پاش دەستبەسەرکرانی، بە شێوەیەکی گوماناوی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی بۆکان گیانی لەدەست دا.

٣١ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٤:٤٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی چوار ڕۆژ پاش دەستبەسەرکرانی، بە شێوەیەکی گوماناوی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی بۆکان گیانی لەدەست دا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی شۆڕش خزرزادە، ٤٢ ساڵە و خەڵکی بۆکان کە چەند ساڵ دانیشتووی هەرێمی کوردستان بووە، لە سنووری بانەوە خۆی ڕادەستی هێزەکانی سپای پاسداران کردووە و دوابەدوای دەستبەسەرکرانی گوازراوەتەوە بۆ بۆکان.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خزرزادە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژ (١٧ ئاگۆست)، لە نەخۆشخانەی “شەهید قولیپووری” بۆکانەوە بنەماڵەی خزرزادە ئاگادار کراونەتەوە کە کوڕەکەیان کۆچی دواییی کردووە بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی کە بنەماڵەی خزرزادە ئاگایان لە گەڕانەوەی شۆڕش و دەستبەسەرکرانی نەبووە و نازانن بەر لە مردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان بووە یا لە دەستبەسەرگەی دزگا ئەمنییەکان.

بەرپرسانی نەخۆشخانە بە بنەماڵەی خزرزادەیان وتووە شۆڕش بە هۆی نەخۆشیی گواتری ژەهراوییەوە گیانی لەدەستداوە.

بە پێی سەرچاوەکانی هەنگاو، توێکاری پزیشکی بۆ تەرمی شۆڕش کراوە و دەرئەنجامی توێکاریی پزیشکی لەسەر جەستەی شۆڕش، سێ مانگی دیکە رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێ.

یەکێکی دیکە لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی خزری لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆست) تەرمی شۆڕش خزرزادە لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری بۆکان بە خاک سپێراوە.

ئەم سەرچاوەیە گوتیشی، هیج جۆرە نیشانەیەک لە ئەشکەنجە و لێدان لەسەر تەرمەکەی نەبینراوە بەڵام چۆنێتیی مردنەکەی هەر وا نادیارە و نادیار بوونی شوێنی دەستبەسەرکرانیشی گومانەکانی زیاتر کردووە.

بە گوێرەی لێدوانەکانی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی خزرزادە، شۆرش خزرزادە، ماوەیەک ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە هەرێمی کوردستان، دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئیران، چالاکیی سیاسیی هەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە