حوسێن عوسمانی دوای ٨ ساڵ مافی مرەخەسی پێدرا
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە ماوەی هەشت ساڵ بوو بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەکانی ئورمیە و م
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد کە ماوەی هەشت ساڵ بوو بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەکانی ئورمیە و مەهاباد ڕاگیرابوو، بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پێدرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، حوسێن عوسمانی، بەندکراوی سیاسی ٦٠ ساڵە و خەڵکی مەهاباد، دوای هەشت ساڵ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی مافی مرەخەسی پیدرا.
ئەم بەندکراوە کوردە کە ئێستا ماوەی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکات، لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا سەرباری بەساڵاچویی و هەبوونی چەندین نەخۆشی، بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕێگیری لەوە کراوە کە لەمافی مرەخەسی کەڵک وەربگرێت.
حوسێن عوسمانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٣ (٣ی مارسی ٢٠١٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٤ (مارسی ٢٠١٥) لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە لەگەڵ دوو کەسی دیکە و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی ئەنجامی تەقینەوە لە ساڵی ١٣٨٩ و ئەندامەتی لە کۆمەڵە ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپا.
حوکمی سێدارەی حوسەین عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ٢٧١٦ (ژانویەی ٢٠١٧) لەلایەن دیوان باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و سزاکەی بۆ ١٥ ساڵ کەم کرایەوە. بەڵام دواتر و لە مانگی خەرمانانی ٢٧١٩ (سپتامبر ٢٠١٩) لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران زیاد کرا.
سابیر شێخ عەبدوڵلا و دیاکۆ ڕەسووڵ زاده دواتر و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٤ی جولای ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران و هەتا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.
حوسێن عوسمانی، بەندکراوی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد کە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە، دوای ٨ ساڵ بەندکران و بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی مافی مرەخەسی پێدرا. pic.twitter.com/OkBHocmoXS
— Hengaw Human Rights Organization (@HengawO) October 4, 2021