چالاکێکی بواری ڕاگەیاندن لە بانە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری بانه لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە بێ بەشداریی خۆی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٤:٥٩

 

هەنگاو: چالاکێکی بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری بانه لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە بێ بەشداریی خۆی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیبراهیم شوریانی ناسراو بە شۆڕش، یەکێک لە چالاکانی بواری ڕاگەیاندن لە شاری بانە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنە و نووسراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” سزای ٧ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

دانیشتنی دادگای ئیبراهیم شوریانی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەر بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بەڕێوە چووە و ناوبراو بە بێ بەشداریی خۆی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و سزاکە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەر) بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

بەگوێرەی بەڵگەی سزای ئیبراهیم شوریانی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ناوبراو ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کە تانە لەو بڕیارەی دادگای سەقز بدات.

ئیبراهیم شوریانی بەڕێوەبەری کەناڵی تێلگرامی “پرسه و سەرەخۆشییەکانی بانه” ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دێسامبری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای ٧٢ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە