فەرانەک جەمشیدی بە مەرج ئازاد کرا
هەنگاو: فەرانەک جەمشیدی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە بە مەرج لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
هەنگاو: فەرانەک جەمشیدی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە بە مەرج لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرانەک جەمشیدی چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سنە دوای تێپەڕاندنی یەک لەسەر سێی ماوەی سزای بەندکرانی یەک ساڵەکەی و ڕەزامەندی لەسەر داوای ئازادی مەرجداری ناوبراو، لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە کە ناسراوە بە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ئازاد کرا.
فەرانەک جەمشیدی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠) لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای چوار مانگ و نیو بەندکران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، ئازاد کرابوو.
ئەم چالاکە کوردە مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (فێوریەی ٢٠٢١) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ١ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
فەرانەک جەمشیدی دواجار ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢١) دوای بانگ کران بۆ لقی ٤ی جێبەجێ کردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی (ناوەندی چاکسازی و پەروەردە)ی ئەو شارە کرا.