مردنی گوماناوی ژنێکی خەڵکی پیرانشار

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی پیرانشار کە دوو حەوتوو بەر لەئێستا لە نزیک شاری ئەردەبیل بە شێوەیەکی گوماناوی لە کامیۆنبەر ببوویەوە، بە هۆ

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٢:٣٨

 

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی پیرانشار کە دوو حەوتوو بەر لەئێستا لە نزیک شاری ئەردەبیل بە شێوەیەکی گوماناوی لە کامیۆنبەر ببوویەوە، بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، گوڵالە دەهار تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بە هۆی قورسی برنەکانیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئەردەبێل گیانی لە دەست دا. ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ئەم ژنە ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەر لە زێدەکەی خۆی بەڕێوەچووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بنەماڵەی دەهار، گوڵالە دەهار ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەزبەر (١٣ی ئۆکتۆبر) لە ئەردەبیل و لەلایەن هاوژنەکەیەوە بە ناوی کامبیز فەرەجی لە نێو کامیۆنەکەیان کە لەکاتی ڕۆشتن بووە فڕێدراوەتە خوارەوە و ملی شکاوە و تووشی مەرگی مێشکی بووە.

یەکێک لە براکانی کامبیز لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەنگاو بابەتی قەتڵی گوڵاڵەی لەلایەن براکەیەوە ڕەدکردەوە و وتی: “ناوبراو بە هۆی ئەوەی کە دەرگاکەی جوان دانەخستووە بەربووەتەوە”.

هەنگاو بۆ دلنیابوون لەم هەواڵە پەیوەندی بە بنەماڵەی گوڵاڵەوە کردووە. یەکێک لە خۆشکەکانی گوڵاڵە لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: “خۆشکەکەم پێشتریش کە چەند جار لەگەڵ مێردەکەی بە کامیۆن چوبوو بۆ چەند شاری دیکەش بە ئیمەی وتووە کە کامبیز هەڕەشەی کوشتنی لێم کردووە و تەنانەت جارێکیش چەکی لێم کێشاوە.” جێگای ئاماژەیە کە گوڵاڵە و کامبیز کرێنشینی خۆشکی گوڵالە بوون و ناوبراو پشتڕاستی کردەوە کە زۆر جار بینیویە کە کامبیز بەرانبەر خۆشکەکەی توندوتیژی بەکارهێناوە.

چەند ماڵپەڕێک ڕایانگەیاندووە کە کامبیز فەرەجی لە ڕۆژی ڕووداوەکەوە خۆی شاردووەتەوە، کە ئەمە لەلایەن سەرچاوەکانی هەنگاوەوە ڕەدکراوەتەوە و ناوبراو تەنانەت بەشداری ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیەکەشی کردووە. سەرباری ئەمەش بنەماڵەی کامبیز و گوڵاڵە دوو بەغلەی جیاوازی تایبەت بە سەرەخۆشییان بڵاو کردووەتەوە کە لە ناو بەڵگەی ماڵی باوکی گوڵاڵە ئاماژە بە ناوی هاوژینەکەی نەکراوە.

خۆشکی گوڵاڵە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە بنەماڵەکەی سکاڵایان لە سەر کامبیز تۆمار کردووە، بەڵام برای کامبیز ئەم بابەتەی ڕەدکردەوە.

گوڵاڵە مورادی ١٤ ساڵ پێش لەگەڵ کامبیز فەرەجی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دایکی دوو منداڵی ١٣ و ٢ ساڵانە کە منداڵە دوو ساڵانەکە لە ڕۆژی ڕووداوەکە لەگەڵیان بووە.

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی گوڵاڵە دەهار دوای مردنیناوبراو داوایان کردووە کە ئەندامانی لەشی ببەخشرێت بەو کەسانەی کە پێویستیانە، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە وتوویانە کە گوڵاڵە پێش لە مردنی تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و هەر بۆیەش ئەو داوایە ڕەدکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە