هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

٥ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢٢:٥٨

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ )٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)،هێزە ئەمنییەکان لە گوندی مێراو سەر بە شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی شوعەیب مەحموودی تەمەن ٤٣ ساڵ و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی شوعەیب مەحموودییان دەستبەسەر و دواتر ماڵەکەشیان پشکنیوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ شوعەیب مەحموودی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە شوعەیب مەحموودی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧١٧ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠١٧) جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بامرتەی ٧٠ میلیۆن تمەن و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

شوعەیب مەحموودی کوڕی جەعفەر و تەمەن ٤٣ ساڵ، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە