هۆشمەند عەلیپوور ٧ ڕۆژە لە بەندیخانەی سنە مانی لەخواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت حەوتوویەکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگیری ئیدارەی ئیتلاعات لە نار

١ سەرماوەز ٢٧٢١، ٢٠:٣٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت حەوتوویەکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگیری ئیدارەی ئیتلاعات لە ناردنی ناوبراو بە مرەخەسی، مانی لەخواردن گرتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی ٧ ڕۆژ لە مانگرتن لەخواردنی هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەردەشت کە ئێستا سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای ٨ ساڵ بەندکرانەکەیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ناوبراو هێشتا لە مانگرتن بەردەوامە.

هۆشمەند عەکیپوور ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگیری ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ داواکاری چوونە مرەخەسی بە مەبەستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی براکەی کە لەکاتی کۆڵبەری کوژرابوو، مانی لە خواردن گرتووە.

ژیان عەلیپوور تەمەن ٣٢ ساڵ و برای هۆشمەند، شەوی ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبر)لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

هۆشمەند عەلیپوور ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ محەمەد ئوستاد قادر خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سەقز و دوای ١٠٨ ڕۆژ لێپررسینەوە بۆ بەندیخانەی سەقز گوازرانەوە و مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە گوازرانەوە.

دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوەچوو و هۆشمەند عەلیپوور بە تۆمەتی “بەغی” لەڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان )پاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ (٢٩ی دێسامبر) بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا. محەمەد ئوستاد قادر کە هاودۆسیەی ناوبراو بوو سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

سزای سێدارەی هۆشمەند عەلیپوور دواتر لەلایەن دادگای بەرزی ئێرانەوە ڕاگیراو و ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی سنە سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو سزای ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەرئ هەمان ساڵ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

هۆشمەند عەلیپوور لەوکاتەوە دەستبەسەر کراوە (سێ ساڵ و چوار مانگ) بە بێ ئەوەی یەک ڕۆژ مافی مەرەخەسی هەبێت لە بەندیخانەکانی سەقز و سنە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە