سوعدا خەدیرزادە لە ژووری تایبەت بە تووشبووانی مادده هۆشبەرەکان ڕاگیراوە

هەنگاو: سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کە دووگیانە، لە بارودۆخێکی نالەبار و لە ژووری تا

٧ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٣:٤٣

 

هەنگاو: سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کە دووگیانە، لە بارودۆخێکی نالەبار و لە ژووری تایبەت بە بەندکراوانی مادەی هۆشبەر ڕاگیراوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوعدا خەدیرزادە هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار لە ژوری ٤ی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگیراوە و سەرەڕایی دووگیان بوونی لە خۆراکی تەندروست بێبەشە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیەەوە، سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر (٨ی نۆڤەمبەر) دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و کۆتایی لێکۆڵینەوە بۆ بەندی ژنان گوازراوەتەوە و سەرەڕایی ئەوەیکە نەشتەرگەری ڕیخۆڵەکوێرەی بۆ کرابوو و هەروەها دووگیانە، لە ماوەی ئەم دوو حەفتەدا هیچ خۆراکی پێویستی پێ نەدراوە و بەرپرسانی بەندیخانە گوێیان بە داخوازییەکانی سوعدا خەدیرزادە نەداوە.

ئەم سەرچاوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند:” زۆربەی بەندکراوان لە ژووری ٤ی بەندی ژنان ڕۆژانە مادەی هۆشبەر و بێتادۆنیان پێ دەدرێت و ڕۆژانە لەم بەندەدا کێشەو ئاڵۆزی هەیە و ئەم شوێنە بە هیچ شێوە بۆ راگیرانی بەندکراوێکی دووگیان باش نیە”.

جێگای ئاماژەیە کە سوعدا خەدیرزاد لەو ڕۆژەوە کە دەستبەسەر کراوە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)بە بێ نیشاندانی هیچ حوکمێکی دادوەری لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شاره  دەستبەسەر کراوە و دوای دەستبەسەر کران ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە