هەواڵنێری “هەنگاو” لە مەریوان، باس لە نەهامەتیی بنەماڵەی کۆلبەرێکی هەژار دەکات+وێنه و فیلم

هەنگاو: موختار ئەمینی یەکێک لەو کۆڵبەرە کوردانەیە کە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان بۆ هەمیشە کەوتۆتە سەر جێ و بەبێ ئەوەی لایەنە حکوومەتییەکان هیچ ی.

٢٦ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٨:٣٢

 

هەنگاو: موختار ئەمینی یەکێک لەو کۆڵبەرە کوردانەیە کە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان بۆ هەمیشە کەوتۆتە سەر جێ و بەبێ ئەوەی لایەنە حکوومەتییەکان هیچ یارمەتییەکی بدەن، بە دژوارترین شێوە ژیان تێپەڕ دەکات.

لە رۆژانی رابردوودا چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان چەند وێنەیەکیان لە کۆلبەرێکی مەریوانی بڵاو کردۆتەوە کە تیایدا ئەو کۆڵبەرەی کە لە ملەی تەتەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بەربۆتەوەو پشتی گرده بڕ بووە، ئێستا لە ماڵی باوکی لەجێدا کەتووەو و هیچ ئیمکاناتێکی ژیان و دەرمانیی نیە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە، هەواڵنێری رێکخراوی “هەنگاو” سەردانی ماڵی ئەو کۆڵبەرەی کردووە، هەتا راپۆرتێک لە باری سەختی گوزەران و ژیانی بنەماڵەی موختار ئەمینی ئامادە بکات.

موختار ئەمینی تەمەن ٣٧ ساڵ و باوکی منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵە بەناوی ئاریان و هاوسەرەکەشی سکی بە منداڵی دووهەم پڕە.

باوکی موختار کە ناوی ئەحمەدە و پیرە پیاویکی تەمەن ٨٥ ساڵە و ئەویش ماوەی ٣٠ ساڵە قاچی نوقسان بووە و هیچ چەشنە داهاتێکیان نیە و هەنووکە دایکی موختار بەناوی "ئامین" سەرپەرستیی خێزانەکەی مەختار و منداڵەکانی دەکەن.

هەواڵنێری هەنگاو، لە سەردانەیدا باس لە بچووک بوونی ئەو خانووە دەکا کە ئەوانی تێدا دەژین و دەڵێ خانووەکە ئێجگار تاریکە و هیچ دەلاقەیەک بۆ گۆڕینی هەوای ژوورەکانی تێدا نیە.

هەواڵنێری هەنگاو دەشڵێ، بەهۆی بچووکیی خانوەکەوە، موختاری لە قوژبنێکی ئاشپەزخانەکەدا جێگەی بۆ راخراوەو ژیانیان زۆر بە نارەحەتی تیپەڕ دەکەن.

ئەو بنەماڵەیە هاوکات سەرپەرستیی خێزانی کوڕێکی دیکەیان بەناوی بەختیاریش لە ئەستۆدایە کە ئەویش چەند ساڵ پێش بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەست داوە.

هەر کەس خوازیاری هاوکاریی ماددی ئەو بنەماڵەیە، دەتوانن لە رێگەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە ناونیشان و ژومارەی تەلەفۆن و ژمارە حیسابی بانکیی ئەو بنەماڵە دەستکورتە وەربگرن و یارمەتییان بکەن.

کوڕە بچووکەکەی موختار پارچه گۆرانییەکی بە زمانی کوردی بە سەر هەژاری و نەداریی بنەماڵەکەیدا گوتووە کە “هەنگاو” وەک خۆی بڵاوی دەکاتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە