هاوژینێکی مەریوانی لە ئاوەکانی یۆنان خنکان
هەنگاو: هاوژینێکی مەریوانی کە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا زێدی خۆیان بەجێهێشتبوو، لە ئاوەکانی یۆنان خنکان.
هەنگاو: هاوژینێکی مەریوانی کە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا زێدی خۆیان بەجێهێشتبوو، لە ئاوەکانی یۆنان خنکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٣ی ژانویەی ٢٠٢٢)، تەرمی ژن و مێردێکی گەنجی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی جەلیل ڕەوانگەرد تەمەن ٣٤ ساڵ و سومەیە جامخانە تەمەن ٢٨ ساڵ که لەکاتی ڕۆشتن بۆ ئەورووپا و لە یەکێک لە ڕووبارەکانی دوورگەی سیریسی یۆنان خنکابوون، دۆزرایەوە.
عەبدوڵڵا جامخانە برای جووکەی سومەیە کە لەم سەفەرەدا لەگەڵیان بووە لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: " کاتژمێر ٩ی شەوی ڕابردوو کاتێک کە ویستوومانە لە شاری سالۆنیک بەرەو ئاتن بڕۆین، لەکاتی پەڕینەوە لە ڕووبارێک بە هۆی نائاشنا بوون بە جوغرافیای ناوچەکە و هەروەها تاریکی شەو، خۆشکەکەم توانای ڕۆشتنی نەماوە و ئاوی ڕووبارەکە لەەگڵ خۆی بردوویە. زاواکەشمان بەشوێنیدا ڕۆشتووە و هەردوویان گیانیان لە دەست داوە و تەرمەکانیان و تەرمی جەلیل چەند کاتژمیر دواتر و تەرمی خۆشکەکەم ڕۆژی پێنج شەممە دۆزراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە عەبدۆڵا ئێستا لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لە نزیک شاری سالۆنیک دەستبەسەرە.
ئەم ژن و مێردە گەنجە ساڵی ڕابردوو زێدی خۆیان بەجێهێشتبوو و بە تازەیی لە تورکیاوە بەرەو یۆنان ڕۆشتبوون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٧٢١ تا ئێستا (لە سەرەتای بەهارەوە) لانیکەم ١٠ پەناخوازی کوردی خەڵکی کرماشان، سەلاسی باوەجانی، مەریوان (٥ کەس) و سەردەشت (٣ کەس) لە کاتی چوون بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەست داوە کە ٣ کەسیان ژن بوون.