سپا بنەماڵەی مینبەری ناچار کرد شەوانە تەرمی مام بارام بنێژن

هەنگاو: هێزەکانی سپای پاسداران دوای کۆچی دوایی یەکێک لە کەسایەتییە خۆشناوەکانی گوندی “نییەر” ، گوشاریان خستە سەر بنەماڵەکەی و ئە

٢٦ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٥:٤٧

 

هەنگاو: هێزەکانی سپای پاسداران دوای کۆچی دوایی یەکێک لە کەسایەتییە خۆشناوەکانی گوندی “نییەر” ، گوشاریان خستە سەر بنەماڵەکەی و ئەو بنەماڵەیان ناچار کرد کە بە شەودا تەرمی باوکیان بنێژن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٥ی ژانویەی ٢٠٢٢)، مام بارام مینبەری کەسایەتی ناسراو و خۆشناوی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە کە دوو کوڕیشی لە ناو ڕیزەکانی حیزبێکی کوردستانی گیانیان بەخت کردووە، لە تەمەنی ٨٣ ساڵان و بە هۆی بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

هەنگاو زانیویەتی کە بڕیاربووە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی مام بارام مینبەری ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار بەڕێوە بچێت، بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران شەوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر مڵیان و ئەوانیان ناچار کردووە کە بە درەنگانی شەو تەرمی مام بارام بنێژن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی ڕابردوو هێزەکانی سپای پاسداران لە مزگەوتی گوندی نییەر هەتا گؤڕستانی ئەو گوندەیان تەنیوە و میلیتاریزەیان کردووە و ئەمڕۆ یەکشەمەش سێ جار چوونەتە ناو مزگەوت و هەروەها ماڵی مام بارام مینبەری.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی وت: “هێزەکانی سپا بە بنەماڵەی مینبەرییان وتووە کە لەکاتی ناشتنی تەرمی مام بارام ئیزنیان نییە کە کەڵک لە جامانە وەربگرن و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیش دەبێ تەنیا یەک ڕۆژ بێت”.

دوو کوڕی مام بارام بە ناوەکانی شارام مینبەری و شاخەوان مینبەری لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانی خۆیان بەخت کردووە و کوڕێکیشی بە ناوی سەریاد مینبەری پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە