بەندکراوێکی تەمەن ٧٠ ساڵ لە بەندیخانەی ئورمیە لەسێدارە درا
هەنگاو: سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست، لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کراوە.
هەنگاو: سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست، لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کراوە.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ ( ٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٢)، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجی کراوە.
هەواڵنێری هەنگاو لە ئورمیە ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون، میر سولتان ئەمیری تەمەن ٧٠ ساڵ و خەڵکی شنۆ ڕاگەیاندووە کە ماوەی سێ ساڵ و نیوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبسەرکرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناسنامەی کەسی دیکە کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراوە تا ئیستا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.
شایانی باسە شاریار ئەمیری تەمەن ٤٢ ساڵ و کوڕی میرسولتان ڕۆژی شەممە ١٢ی پوشپەری ئەمساڵ هەر بەو تۆمەتە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە لە سێدارە درابوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی لانیکەم سزای سێدارەی ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.