لەسێدارەدانی ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ساڵی ٢٠٢١ دا +لیستی ناوەکان

هەنگاو: لە ساڵی ڕابردووی زایینی لانیکەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و باقی شارەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

٢٩ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٢:٥٠

 

هەنگاو: لە ساڵی ڕابردووی زایینی لانیکەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و باقی شارەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی لانیکەم سزای سێدارەی ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، کرماشان، سنە و ئورمیە جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی ٤٧ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. لەو ژمارەیە کەسێکیان بەندکراوی سیاسی بووە و کەسێکیان لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە.

حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیران لە دادگایەکی نادادپەروەرانە و ناڕوون و بە شایەتی پارێزەرەکان و ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەروەها ئەو تۆمارێکی ڤیدیۆیی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە لەسێدارە درا. سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار داوایان لە حکوومەتی ئێران کردبوو کە جێبەجێکرانی سزاکەی ڕابگرن. لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی و چاوەدێریی سەرۆکی دەزگای دادی سنە سەید حوسێن حوسینی و داواکاری گشتی سنە  محەمەد جەباری جێبەجێ کرا.

هەروەها، لە ساڵی ٢٠٢١ دا سەجاد سەنجەری تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان کە لە تەمەنی ١٥ ساڵان تووشی تاوان ببوو، دوای ١٠ ساڵ بەندکران بە شێوەیەکی نهێنی و بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە درا.

 

جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان

سیاسی: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٢.٢٪ی کۆی حاڵەتەکان

کوشتنی ئەنقەست: ٣١ حاڵەت کە دەکاتە ٦٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان

تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان: ١٦ حاڵەت کە دەکاتە ٣٣.٣٪ی کۆی حاڵەتەکان

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ٢٢ حاڵەت کە دەکاتە ٤٦٪ی کۆی حاڵەتەکان

پارێزگای کرماشان: ١٦ حاڵەت کە دەکاتە ٣٣٪ی کۆی حاڵەتەکان

پارێزگای سنە: ٥ حاڵەت کە دەکاتە ١٠.٥٪ی  کۆی حاڵەتەکان

پارێزگای ئیلام: ٢ حاڵەت کە دەکاتە ٤.٢٪ی کۆی حاڵەتەکان

پارێزگای لوڕستان: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٦.٣٪ی کۆی حاڵەتەکان

 

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆی ئەو ٤٨ حاڵەتە تەنیا جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەیدەر قوربانییان بە فەرمی ڕاگەیاند و ٤٧ حاڵەتی دیکە لەلایەن ئەو ناوەندانەوە ڕانەگەیەندراوە.

 

داونلۆدی فایلی PDF ی لیستی ناوەکان


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە