ئورمیە؛ سنوور تامارا مەترسی دیپۆرت کرانەوەی لە سەرە
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، مەترسیی دیپۆرت کرانەوەی لە سەرە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٢)، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، سنوور تامارا، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیایان بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئامادە کاری کراوە بە مەبەستی دیپۆرت کردنەوەی بۆ وڵاتی تورکیا و لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: »ناسر عەتبانی، سەرۆکی گشتی بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە لەگەڵ بەخشی، سەرۆکی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئەم بەندکراوە کوردەیان بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بە زوویی دیپۆرتی تورکیا دەکرێتەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی سنوور تامارای لێ کەوتووەتەوە"
سنووری تامارا پاییزی ٢٧٢٠ (٢٠٢٠)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە دەستبەسەر و دوای شەش مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بەهاری ئەمساڵ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.
ناوبراو دواجار مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
هەنگاو پێشتر ڕای گەیاندبوو کە، دانیشتنی دادگای سنوور تامارا ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢١) بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕ (٣ی جولای) لە بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەنراوە.
جێگای باسە کە سنوور تامارا لە ماوەی ئەو ٦ مانگەی کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە ڕاگیرابوو، بە سەخت ترین شێواز ئەشکەنجەی جەستەیی و ئەشکەنجەی دەروونی کراوە.