دەستبەسەر کران و ناڕوونی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ کۆتایی حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
١٠ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٩:١١
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ کۆتایی حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٦ی ژانویەی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ هاووڵاتییەکیان بە ناوی سوهەیب یارئەحمەدی تەمەن ٢٣ ساڵ بە بێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
سوهەیب یارئەحمەدی خەڵکی گوندی «شەروێنە» سەر بە شارۆچکەی کڵاشی جوانڕۆ بووە و دوای دەستبەسەر کرانی بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کران، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ سوهەیب یارئەحمەدی نەزانراوە.