١٣٠ کرێکاری کارگه‌ی قه‌ندی سه‌قز له‌سه‌ر کار دره‌کران

هه‌نگاو: ده‌یان کرێکاری کارگه‌ی قه‌ندی شاری سه‌قز له‌ سه‌ر کار ده‌رکران و باقی کرێکاره‌کانیش مه‌ترسی ده‌رکرانیان له‌سه‌ره‌.

٢٨ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٠٩:١١


هه‌نگاو: ده‌یان کرێکاری کارگه‌ی قه‌ندی شاری سه‌قز له‌ سه‌ر کار ده‌رکران و باقی کرێکاره‌کانیش مه‌ترسی ده‌رکرانیان له‌سه‌ره‌.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ''هه‌نگاو''، له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا کارگه‌ی قه‌ندی ''کوردستان''ی شاری سه‌قز به‌ هۆی دۆخی ناله‌باری ئابووری ١٣٠ کرێکاری خۆی له‌سه‌ر کاره‌کانیان ده‌رکردووه‌.

ئه‌و کارگه‌یه‌ ساڵانه‌ ٤٠ هه‌زار ته‌ن قه‌ندی به‌رهه‌م هێناوه‌. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌ هۆی ناله‌باری دۆخی ئابووری و نه‌بوونی شه‌کر به‌ره‌و هه‌ڵشکان چووه‌ و له‌ئاکامدا ١٣٠ کرێکاری خۆی له‌سه‌ر کاره‌کانیان دوور خستوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و کارگه‌یه‌ سه‌رجه‌م ٢٣٠ کرێکاری هه‌بووه و پێشتر دوو شیفت کاری کردووه‌، به‌ڵام ئێستا و به‌ پێی زانیارییه‌کانی ''هه‌نگاو'' ته‌نیا یه‌ک شیفت کار ده‌کات.

یه‌کێک له‌ کرێکارانی ئه‌و کارگه‌یه‌ وێرای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ هه‌واڵنێری ''هه‌نگاو''ی ڕاگه‌یاند که‌ ئه‌و کارگه‌یه‌ هه‌تا دوو مانگی دیکه‌ پاشکه‌وتی شه‌کری هه‌یه‌ و پاش دوو مانگ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت شه‌کر دابین بکات ئه‌وا ١٠٠ کرێکاری دیکه‌ش بێکار ده‌بن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە