درێژەی دەستبەسەرکرانی شەعبان محەممەدی مامۆستای خەڵکی مەریوان

​هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی یەکێک لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردە و و بارهێنانی مەریوان، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و دەستبەسەرە.

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٠:٢٢


هەنگاو: دوای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی یەکێک لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردە و و بارهێنانی مەریوان، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و دەستبەسەرە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی ٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی شەعبان محەممەدی ٤٧ ساڵ و خەڵکی مەریوان، ناوبراو تا ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە و لە ماوەی حەفتەی ڕابردوو تەنیا یەکجار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەی کردووە.

شەعبان محەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _مەریوان ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢١)، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کرا.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان وێرای دەستبەسەر کردنی شەعبان محەممەدی دەستیان بە سەر ئامێری مۆبایلی خۆی و هاوژینەکەیدا گرتووە.

ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _مەریوان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک ڕای گەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان بە مەبەستی شەرمەزار کردنی دەستبەسەر کرانی شەعبان محەممەدی لەپێش بینای قایم مەقامی (فەرمانداری) مەریوان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە