کەماڵ شەریفی سپاسی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکات

هەنگاو: کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسی کورد کە نزیکەی ١٤ ساڵە بە بێ مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەن

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢٢:١٨

 

هەنگاو: کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسی کورد کە نزیکەی ١٤ ساڵە بە بێ مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی میناب ڕاگیراوە، نامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو نامەیە کە بۆ یەکەم جار لەلایەن «هەنگاو» بڵاو دەبێتەوە، کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەقز کە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە، سپاسی هەموو چالاکان و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە هەوڵیان بۆ ئازادی و هەروەها باشتربوونی باری تەندروستی ناوبراو داوە.

دەقی نامەکە

بە ناوی ڕاستی و ئازادی

سڵاو و ڕێز بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە گیانی مرۆڤ لای ئەوان بەرزتر و بە نرخ ترە لە هەموو بیر و باوەڕ و ئایدیۆلۆژییەک.

بە پێویستی دەزانم کە سپاسی و ڕێزی خۆم ئاراستەی ئەو کەسانەی بکەم کە لە ماوەی بەندکرانم دا بە تایبەت لەم ڕۆژانی دواییدا بە نیسبەت باری تەندروستی من بە پەڕۆش بوون و هەواڵمیان پرسیوە و دڵسۆزانە هەوڵیان داوە بۆ ئازادی و باشتربوونی باری تەندروستیی من.

سەری کڕنۆش دا دەنوێنم بۆ هاوڕێ دێرینەکانم، ئازادیخوازان، مرۆڤ دۆستەکان و هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ ئازادی و بەرامبەری و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵیان داوە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی بەپەلە بە مەبەستی ئازادی و هەروەها باشترکردنی باری تەندروستی من بڵاو بکاتەوە.

لە ناخەوە دەستی برای بەڕێز و هاوڕێی ٣٠ ساڵەی خۆم بەڕێز ڕەحمان ئیبراهیم پوور (سیادەری)، چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان «ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو» باقی کەسایەتییەکان دەکەم کە هەوڵیان داوە بۆ جێبەجێ بوونی ئەم بانگەوازە ماچ دەکەم.

لە گەڵ ڕێزمدا

کەماڵ شەریفی

١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١

بەندیخانەی میناب


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە