برینداربوونی کاسبکارێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپا لە سەلاسی باوەجانی

هەنگاو: هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کردووە و شۆفێرەکەی بریندار و کەسێکی دیکەش دەستبەسەر کراوە.

١٨ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١١:١٩

 

هەنگاو: هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کردووە و شۆفێرەکەی بریندار و کەسێکی دیکەش دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٥ی فێوریەی ٢٠٢٢) هێزەکانی سوپای پاسداران بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشتر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێک کردووە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی مازیار عەزیزی خەڵکی گوندی «بانی نار» ی سەلاسی باوەجانی بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سوپای پاسداران لە جادەی شێخ سڵە بۆ بانی نار و بە بیانووی گواستنەوەی کەل و پەلی قاچاخ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی مازیار عەزیزی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە لاقی مازیار عەزیزی بە سەختی بریندار بووە بۆ پێ ڕاگەیشتنی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەروەها، کەسێکی دیکە بە ناوی فەرەیدوون ڕەحیمی کە لە ناو سەرنشینی ئەو ئۆتۆمبێلە بووە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دەستبەسەرکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە