ئەرسەلان خودکام هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە

هەنگاو: ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

١٨ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٢:٢٤


هەنگاو: ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی حەوت ڕۆژ لە گواستنەوەی ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ناوبراو هێشتا بۆ بەندی سیاسی نەگەڕێنراوەتەوە.

ئەرسەلان خودکام ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندان (١ی فێوریە) دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی بە نیسبەت چاوەڕوان هێشتنی بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەندکراوەکان، بە فەرمانی بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ ڕێزی پێکرا و گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەرسەلان خودکام تەمەن ٤٨ ساڵ، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧١٨ (٢٣ی ئاپریلی ٢٠١٨) لە حاڵێکدا ئەندامی سوپای پاسداران بوو و بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکێکی ئەو ناوەندە ئەمنییە بەرەو شاری شنۆ ڕۆیشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) دەستبەسەر کرا. ناوبراو مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ (هاوینی ٢٠١٨) لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکرات حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگیراوە.

ناوبراو لە کاتی دادگایی کردندا مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و دادگا وەکیلی تەسخیری کە قازییەکی خانەنشینی دادسەرای سەربازی بووە بۆی داناوە.

بەهاری ئەمساڵ سزای سێدارەی ئەرسەلان خودکام بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون پلەیەک شکاوە و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ بە فەرمی بە ناوبراو ڕا گەیەنرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە