بەندکراوێکی سیاسی کورد دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ بەندکران ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەڵماس دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ بەندکران، وەبەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی بورازجان لە پارێزگای بوشێهر ئازاد کرا.

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١١:٢٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەڵماس دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ بەندکران، وەبەر لێبوردن کەوت و لە بەندیخانەی بورازجان لە پارێزگای بوشێهر ئازاد کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٣ فێوریەی ٢٠٢٢) ڕەزا مەلازادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەڵماس دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران لە ماوەی سزای ١٥ ساڵەی بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی بورازجانی پارێزگای بوشێهر لە باشووری ئێران، بە ڕەزامەندی کۆمیسیۆنی لێبوردنی دەزگای دادوەری، ئازاد کرا.

ڕەزا مەلازادە خەڵکی گوندی «ئاشناک» سەر بە شاری سەڵماس، لە کۆتاییەکانی هاوینی ٢٧١١ (٢٠١١) هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری پاوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە کرماشان گوازرایەوە و لەوێشەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە تاران گوازرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢) لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «دژایەتی لەگەڵ خودا» لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەم سزایە لە لایەن دادگای باڵاوە بۆ ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی بورازجان گۆڕا.

ڕەزا مەلازادە دوای گواستنەوەی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران بۆ بەندیخانەی بورازجان، لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە سنووری ئێران، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەزا مەلازادە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵ و ٦ مانگەدا کە بەندکرابوو، لە هەبوونی مافی مرەخەسی بێبەش بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە