دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دەستبەسەر کران
هەنگاو: ژن و مێردێکی لاوی ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین هاوکات لەگەڵ لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و لە کاتی بڵاوکردنی تراکت و پۆستەری تایبە
هەنگاو: ژن و مێردێکی لاوی ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین هاوکات لەگەڵ لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و لە کاتی بڵاوکردنی تراکت و پۆستەری تایبەت بەو ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە دەستبەسەر کران.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ (٢١ی فێوریوەری ٢٠٢٢) ژن و پیاوێک بە ناوەکانی واران محەمەدنەژاد تەمەن ٣٠ ساڵ و پەیام میری تەمەن٣٦ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی سنەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران، لە یەکێک لە شەقامەکانی سنە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەیام میری و هاوژینەکەی واران محەمەدنەژاد ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژینن و لە کاتی بڵاوکردنەوەی پۆستەر و تراکتی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە شەقامەکانی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراون.
هەنگاو زانیویەتی کە کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو و پاش ٤ کاتژمێر لێپرسینەوە ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی نۆژین ئازاد کراون.
ئەنجوومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجوومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.
زارا محەممەدی بەرپرسی ئەم ئەنجوومەنە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.