دەستبەسەرکرانی ١٠ کەس لە بانەو مەریوان

هەنگاو: دوابەدوای ناڕەزایەتیی دوکاندار و کاسبکاری شارە سنوورییەکانی کوردستان، لانیکەم ١٠ کەس لە شارەکانی بانە و مەریوان دەستبەسەر کران.

٢٩ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٠٩:٤٠

 

هەنگاو: دوابەدوای ناڕەزایەتیی دوکاندار و کاسبکاری شارە سنوورییەکانی کوردستان، لانیکەم ١٠ کەس لە شارەکانی بانە و مەریوان دەستبەسەر کران.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ڕۆژی سێ‌شەمە (٢٨ی خاکەلێوەی ٩٧/ ١٧ی ئاوریلی ٢٠١٨) هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێران لە شاری بانە لانیکەم ٦ کەسیان لە دووکاندار و بازاریانی ئەو شارە دەستبەسەر کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو کەسانەیان بە بیانووی هاندانی خەڵک بۆ مانگرتنی گشتی و داخستنی درگای دووکانەکان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بانە، ناسنامەی دوو کەس لەو دەستبەسەرکراوانەی "موحسین عەلیزادە" کوڕی عەلی و "رزگار رفاهی" راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپیی راپۆرتی هەواڵنێری “هەنگاو”، ئەمڕۆ لە چوار رێیانی شەرەنگ لە مەریوان ٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە بۆ هەواڵنێری “هەنگاو” روون نەبۆتەوەو هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە.

دووکاندار و بازاڕیانی بانە و جوانڕۆ لە ٣ رۆژ پێش ئێستاوەو هەروەها کاسبکار و دوکاندارەکانی مەریوان، سەردەشت و سەقز ئەمڕۆ دەستیان بە مانگرتنی گشتی کردووەو ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە داخستنی سنوورەکان دەربڕیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە