ڕوحوڵڵا مەردانی مامۆستای دەستبەسەر کراو بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی پارێزگای لوڕستان کە ماوەیەک پێش دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتە ئازاد کرا.

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٤:٥٥

 

هەنگاو: یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی پارێزگای لوڕستان کە ماوەیەک پێش دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٨ی فێبریوەری ٢٠٢٢)، ڕوحوڵڵا مەردانی مامۆستای قوتابخانە و یەکێک لە چالاکانی پیشەیی فەرهەنگی لە شاری دولفان سەر بە پارێزگای لوڕستان، دوای ١١ ڕۆژ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا ئازاد کرا.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم مامۆستایەی قوتابخانە بە شێوەی کاتی و هەتا تەواوبوونی دۆسییەکەی لە دادگا ئازاد کراوە.

ڕوحوڵڵا مەردانی ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٩ی فێبریوەری ٢٠٢٢)هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی سەرانسەری مامۆستایان و خانەنشینانی ئێران لە پێش فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دولفان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا گوازرایەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ڕوحوڵڵا مەردانی و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە ڕوحوڵڵا مەردانی ڕێبەندانی ٢٧١٧ (فێبریوەریی ٢٠١٨) جارێکی دیکە و لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای لوڕستان دەستبەسەر و سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە دوای تێپەڕاندنی یەک لە سەر سێی ئەو سزایە بەمەرج لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە