دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە کە کۆتایی مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشان دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٢٠:٤٧

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە کە کۆتایی مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشان دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە بە ناوی سۆران مەحموودی تەمەن ٣٠ ساڵ، چارەنووسی نادیارە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەحموودی، سۆران ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٠ی فێبریوەری ٢٠٢٢) لە سێ ڕێیانی قازانچی کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و لەوکاتەوە تەنیا یەک پەیوەندی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

هەنگاو زانیویەتی کە سۆران مەحموودی لەو کاتەوە دەستبەسەر کراوە تەنیا پەیوەندییەکی کورتی ٣٠ چرکەیی لەگەڵ بنەماڵەکەی بووە و وتوویە: «من لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوم و بەشوێنمدا نەیەن، چونکە ئازاد ناکرێم».

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە هەنگاوی وت: «دایکی پیر و بەساڵاچووی سۆران مەحموودی لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانی کردووە، بەڵام هیچ جۆرە وەڵامێکیان بەو دایکە پیرە نەداوەتەوە و ئیزنیان نەداوە کە ڕۆڵەکەی ببینێت».

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ سۆران مەحموودی خەڵکی دەرەوەیانی پاوه لە بەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە