دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی بەرگدوورێکی مەریوانی

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان نزیکەی سێ حەوتوویە کە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

١٩ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٥:١٢

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان نزیکەی سێ حەوتوویە کە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی پێش نیمەڕۆی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٩ی فێبریوەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٢ ساڵیان بە ناوی عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ لە شوێنی کارەکەی خۆی دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕوزڕۆخ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شەقامی کورەی موسەوی هەڵیانکوتاوەتە سەر بەرگدووریی عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ و بەبێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەریان کردووە و لەو کاتەوە سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

هەنگاو زانیویەتی کە عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ نەخۆشی جەرگی هەیە و دەستپێڕانەگەیشتن بە دەرمانەکان و هەروەها پزیشکی پسپۆڕ گیانی بەرەوڕووی مەترسیی جیدی دەکاتەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ لە بەر دەستدا نییە. بەو حاڵەش یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە بە هەنگاوی وت کە ناوبراو پێشتر بە هۆی دوورینی جلی تایبەت بە حیزبە کوردستانییەکانەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی لێکراوە.

هەنگاو لەو ڕووەوە کە ئەم حاڵەتە دەچێتە چوارچێوەی ڕفاندنی زۆرەملێ، داواکاری گشتی و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە نیسبەت تەندروستیی عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ بە بەرپرسیار دەزانێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە