ڕۆستەم ئەرکیا دوای ١٥ ساڵ بەندکران بە مەرج ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ دوای ١٥ ساڵ بەندکران بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد ئازاد کرا.

١٩ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٩:١٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ دوای ١٥ ساڵ بەندکران بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٩ی مارسی ٢٠٢٢)، ڕۆستەم ئەرکیا بەندکراوی سیاسی خەڵکی ماکۆ دوای تێپەڕاندنی ١٥ ساڵ لە سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانەکەی بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری یەزد ئازاد کرا.

ڕۆستەم ئەرکیا ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٠٦ (١ی جەنیوەری ٢٠٠٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٣ مانگ ڕاگیران و ئەشکەنجە کران لەو دەستبەسەرگەیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ماکۆ گوازرایەوە.

ناوبراو دواجار ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٠٧ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٧) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری خۆی بە سەرۆکایەتی دادوەر «نەورووزی» نە تۆمەتی «موحاریبە» لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و دواتر ئەو سزایە لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی پێداچوونەوەی سەرلەنوێ ڕەوانەی دادگای شۆڕشی ئورمیە کرا.

لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٠٧ (٢٧ی ژانویەی ٢٠٠٨) لە پێداچوونەوەی سەر لە نوێی دۆسیەکەدا ڕۆستەم ئەرکیای بە تۆمەتی موحاریبە بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یەزد سزا دا.

دوابەدوای ناڕەزایەتی دەربڕینی نوێنەری داواکاری گشتیی ئورمیە بەو سزایە، مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵ سزای ناوبراو لەلایەن لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یەزد زیاد کرا.

جێگای ئاماژەیە ڕۆستەم ئەرکیا لە هەموو قۆناغەکانی دادگایی کردنەکەیدا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

ڕوستەم ئەرکیا مانگی جۆزەردانی ساڵی ٢٧٠٨ دوای یەکلایی بوونەوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرایەوە و دوای ١٠ ساڵ بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پێدرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە