چەنگیز قەدەم خەیری بەندکراوی سیاسی کورد زێدەکەی بەجێ هێشت

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد دوای ١١ ساڵ بێبەشبوون لە مافی مرەخەسی، دواجار نێردرایە مرەخەسی و زێدەکەی بەجێ هێشت.

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٩:٥٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد دوای ١١ ساڵ بێبەشبوون لە مافی مرەخەسی، دواجار نێردرایە مرەخەسی و زێدەکەی بەجێ هێشت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەنگیز قەدەم خەیری بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران کە پێشتر سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و ماوەی ١١ ساڵ بوو لە بەندیخانەکانی سنە و مەسجدی سولەیمان لە مافی مرەخەسی بێبەش کرابوو زێدەکەی خۆی بەجێ هێشتووە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتێکی دراوسێی ئێرانە.

هەنگاو ئاگادار بووە کە، چەنگیز قەدەم خەیری نزیکەی دوو حەوتوو پێش بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی نێردراوەتە مرەخەسی دەرمانی و لە ڕۆژانی ڕابردوودا زێدەکەی بەجێهێشتووە.

چەنگیز قدەم خەیری تەمەن ٣٣ ساڵ، ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ٢٧١١ (٩ی جوونی ٢٠١١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر بابایی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای دوو ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، بۆ بەندیخانەی مەسجدی سولەیمان لە پارێزگای خووزستان دوورخرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کە خەڵکی شاری کامێران لە کاتی دەستبەسەر کران گوللە بەر گورچیلەی کەوتبوو و لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە لە بەندیخانە بووە گورچیلەیەکی لە دەست داوە. لە ١١ ساڵی ڕابردوودا ناوبراو لە هەر جۆرە مافێکی مرەخەسی و تەنانەت مرەخەسی دەرمانی یان ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بێبەش بووە.

چەنگیز قەدەم خەیری لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبەشبوونی لە مافی مرەخەسی و مافی دەرمان مانی لە خواردن گرتبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە