پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار بە بارمتە ئازاد کران

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە سەرەتای مانگی ڕێبەندان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٦:٣١

 

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە سەرەتای مانگی ڕێبەندان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٦ی مارسی ٢٠٢٢)، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی فەریاد خەتیب، عەلی عومەر پوور، موراد مامەڕەش، ڕەحمان خدمەتگوزار و یووسف عومەر پوور دوای نزیکەی ٥٠ ڕۆژ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەیان لە بەندیخانەین ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

ئەم پێنج کەسە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. هەنگاو زانیویەتی کە ئەم پێنج کەسە لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کراون.

ڕەحمان خدمەتگوزار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی پیرانشار ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، لە شوێنی کارەکەی خۆی دەستبەسەر کرا. فەریاد خەتیب (شیلان) و عەلی عومەر پوور بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان لە ماڵەکانی خۆیان و موراد مامەڕەش هەمان ڕۆژ و دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کراون.

هەروەها، یووسف عومەر پوور کوڕە مامی عەلی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە