تۆپخانەکانی سپای پاسداران پادگانی ئەرتەشی ئێرانیان کردە ئامانج و چەند کەس بریندار بوون

هەنگاو: لەکاتی تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردووی نزیک شاری سنە و تۆپبارانی کوێستانەکانی گوندی نەوەڕە، چەند ئەندامی ئەرتەشی ئێران ڕوانەی نەخۆشخانە کراون.

١٨ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٠٠:٠٨

 

هەنگاو: لەکاتی تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردووی نزیک شاری سنە و تۆپبارانی کوێستانەکانی گوندی نەوەڕە، چەند ئەندامی ئەرتەشی ئێران ڕوانەی نەخۆشخانە کراون.

 بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“،  ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٦ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٧ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، لە نزیک گوندی نەوەڕەی شاری سنە تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە و دواتر تۆپخانەکانی سپای پاسداران شوێنی شەڕەکەیان تۆپباران کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پادگانی لەشکەری ٢٨ی شاری سنە، بە هۆی ناشارەزابوونی ئەندامانی سپای پاسداران لە کار کردن بە تۆپی ڕووسی (١٠٧ی ڕوسی) ، هێندێک لە گوللە تۆپەکان لە بورجەکێکی ئەرتەشیان داوە و لەئاکامدا ٤ کادر و سەربازی ئەرتەش بریندار و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

هەواڵنێری هەنگاو لەوبارەوە ڕایگەیاند کە یەکێک لە ئەندامانی ئەرتەش بەناوی "داریوش فەیزی" کە خەلکی گوندی سەرهۆیەی شاری سنەیە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە لەشەوی ڕابردووە کێشەی جیددی کەوووەتە نێوان سپا و ئەرتەش و بەرپرسەکانیشان لەگەڵ یەک بووە بە دەمەقاڵێ و نێوان ناخۆشیان.

ئەو سەرچاوە وتیشی کە دوای چالاکییەکانی ئەم دواییانەی هێزە کوردستانییەکان، پادگانی سپای سنە بە چەکی پێشکەوتووی ڕووسی پڕ چەک کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە