محەممەد هۆشەنگی بە بارمتەی ٧ ملیاری ئازاد کرا

هەنگاو: محەممەد هۆشەنگی بەندکراوی سیاسی خەڵکی جوانڕۆ دوای ١٤ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەیەکی زۆر و بە شێوەی کاتی لە بەن

٢٧ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٥:٥٤

 

هەنگاو: محەممەد هۆشەنگی بەندکراوی سیاسی خەڵکی جوانڕۆ دوای ١٤ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەیەکی زۆر و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٧ی مارسی ٢٠٢٢)، محەممەد هۆشەنگی بەندکراوی سیاسی خەڵکی جوانڕۆ دوای ١٤ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٧ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

ئەمە بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەشەممەبە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستتێوەردانی سوپای پاسداران لە دۆسیەکەی و دژایەتی ئەم ناوەندە ئەمنییە لەگەڵ ئازادی کاتی سەرباری دانانی مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ١٣ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر جێبەجێکرانی داواکارییەکەی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

محەممەد هۆشەنگی زستانی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٠ی جەنیوەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە تاران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٦ مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

محەممەد هۆشەنگی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ هەر یەک لە فەرزاد سامانی و ساکار عەینی دوو چالاکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی «بەغی» خراوەتە پاڵیان و دۆسیەکەیان ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە