ناسنامەی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆز ئاشکرا بوو

هەنگاو: دوای ئاشکرابوونی ناوی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی سنە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە گەیشتە ١٦ کەس.

٣ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٠٩:٥٠

 

هەنگاو: دوای ئاشکرابوونی ناوی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی سنە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە گەیشتە ١٦ کەس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٢١ی مارسی ٢٠٢٢) هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی ئارەش فەداکار تەمەن ٢٧ ساڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی نزیک پارکی منداڵی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە دوای بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی پارکی منداڵ دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە باسی لە دەستبەسەر کرانی زیاتر لە ٣٠ کەس کرد کە ناسنامەی ١٥ کەسیان ئاشکرا بووە.

بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناویان ئاشکرا بووە گەیشتە ١٦ کەس کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

ئاریانا سەلیمی ١٤ ساڵە، ئومێد حوسێنی ١٦ ساڵە، ئازاد مەحموودیان ١٧ ساڵە، دایە بەتوول ئەعزەمی ٧٥ ساڵە، جەماڵ ئەسەدی ٦٥ ساڵە، سوهراب جەلالی ٦٠ ساڵە، فواد عەنایەتی ٣٥ ساڵە، کەیوان زەند کەریمی، سەهەند بەرزەنجی، کەیوان مەحموودی، ئارەش شەکیبا، م خالید حوسێنی، جەمشید فەر ڕەی، فەردین پەیمان کار و کەیهان کاکە خانی، ئارەش فەداکار.

هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان ئەم کەسانەیان بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی کە بە جامانانە ڕازاوەتەوە و هەروەها بەکارهێنانی جامانە تۆمەتبار کردووە ئاریانا سەلیمی و دایەگەورەی واتە دایە بەتوول ئەعزەمی ڕۆژی ڕابردوو دوای ئەوەی بە نووسراوە بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە بە بارمتە ئازاد کراون.

جێگای ئاماژەیە کە سوپای پاسداران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەر جۆرە بەکارهێنانی جامانە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز قەدەغەیە و نابێت بەکار بهێنرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە